|
* ناردنی شاندە
مەعریفی وزانستیەكانی كوردستان بۆ بەشداری كردن لە فێستیڤاڵ وكۆنگرەو سیمینارەكانی
دەرەوە كتومت بە نەفەرەكانی فڕنی نان دەچن وسەریان لە پسپۆڕانی دنیاو حوكمەتیشمان
شێواندوەو تووشی حەپەساندنیان كردوون. ئەوان دەپرسن : ئەگەر كورد ئەم هەموو كەڵە
پسپۆڕانەی لە هەموو بوارەكانی مەعریفەدا هەبێ، بۆچی داوای هاوكاریی پسپۆڕیی لە ئێمە
دەكەن؟ ئەی بۆ هیچ لێكۆڵینەوەیەك پێشكەش ناكەن ؟؟
گەر دەعوەتێك بۆ بەشداری كردن لە سیمینارێكی تایبەت بە زمان و كولتوورو فیكرو زانست
و ئابووری وپەروەردەیی..هتد هەبێ بێ ئەوەی هیچ كەس بزانێ و ئاگای لێ بێت یەكسەر بە
پاڵەپەستۆ دەیان كەس و بە چەندین لیست ناو كەڵەكە دەبێ و نووسراو بۆ ئەنجومەنی
وەزیران دەكرێ و بودجە دێتەوەو سواری فڕۆكەش دەبن، ئنجا هەواڵەكە بڵاو دەبێتەوە
((لە بێ خەبەران كەشكەك سەڵاوات))..
كەسانێك هەن لە یەك كاتدا مێژوونووس و شاعیرو ڕۆژنامە نووس و كۆمەڵناس وهونەرمەندو
میكرۆب ناس و ئابووری ناس و گۆرانی بێژوو تەنانەت وەرزشكاریشن و لە هەموو سەفەرێكدا
نەفەرێكی موقیمن.
ئایا بۆچی حكومەت فەرمانگەیەكی گەشت و گوزاری بە خۆڕایی ناكاتەوە بۆ گەشت كردنی ئەو
برادەرانەی دەساڵە سڕبوونی پایان لە سەفەركردن دەرنەچووە؟؟
ئنجا وەرە گوێیان لێ بگرە.. یەكێكیان دەڵێ: گەورەترین كێشەم لە دەرەوە خواردنی پڕ
بیبەربوو! ئەوی دییان دەڵێ: ئەو ناكەسبەچانە گۆشتی بەرازیان دەرخواردام! یەكێكی
دیكەیان دەیوت: نەمزانی گۆشتی سەرەتان -ئەوەی دوو شواربی هەیەو لاقی درێژە- ئەوەندە
بە تامە وەكو شەكرۆكە دەخورێ! یەكێكیان دەڵێ: ئەرێ بۆ لە سوید تەڕەپیاز نیە.؟؟
ئێمە زۆر جۆر لە جەنگاوەری گەشتیارانمان هەیەو بەم جۆرە پۆلێنیان دەكەین:
1-گەشتیاری ماندوونەناس: ئەو گەشتیارانەن ساڵ دوازدەی مانگ لە سەفەرن و ئۆف ناكەن.
2-گەشتیاری لووت خاس: ئەو گەشتیارانەن گەر دەعوەتێك هەبێت لە دووریی هەزار میلەوە
بۆنی دەكەن.
3- گەشتیاری فەرتەنەناس: ئەو گەشتیارانەن گەر ناویان نەنووسرێ، كێشەكە دەگەیێننە
نەتەوە یەكگرتوەكان.
4- بەڵام سەیرترین گەشتیار لە كوردستان ئەوانەن كە مەعریفەو زانست بەقسەی قۆڕی
منداڵان دەزانن، بەڵام هەمیشە وەكو جۆكەر ناویان لە سەرەوەی هەموو لیستێكە، ئەمانە
جوانترین ناو كە پڕبە پێستی خۆیان بێت، گەشتیاری هاوپێچە !! |