دوعا .. خروقات

که‌ژاڵ ئیسماعیل

لە(هۆڵەندا)وە تایبەت بۆ گەپ دەینووسێ
ئه‌م هه‌تاوه مه‌نجه‌ڵێ یاپراخ و بوتڵێ دۆی تەزویرو ده‌ستەواره‌یه نانی خۆماڵی نوقسانه، خرمه‌ی چوالەو بایه‌م و قرته‌ی چه‌ره‌سات كاسی كردبووم، ته‌حه‌مولم نەما، په‌رده‌كه‌م دادایه‌وه و ویستم سه‌رخه‌وێكی به‌هار‌یی بشكێنم، له‌پڕ نوكه‌یه‌كم بۆهات...زانیم وه‌حده‌ی پێنییه و كه‌وتۆته هه‌له‌ك سه‌مای بۆڵاندن، خێر به‌م ناوه‌خته؟
بۆڵه‌بۆڵ: كچێ خێری چی؟ خێر له‌ته‌شته ناوساجییه‌كه‌ی ڕه‌مه‌زانا بوو؟ مه‌گه‌ر ئیشكه‌ره ئه‌نده‌نوسییه‌كان فێركه‌ین، ئه‌گینا ئه‌ویش لچی لێنایه‌ین ، ئیتر وه‌ختی چی ؟ ئه‌زانم ته‌ئلیقه‌و ئه‌یگریته من، جائێمه كه‌ی وه‌خت و ناوه‌خت ئه‌زانین! ئێمه میللەتی پاڵنێ و پیایكێشه‌ین سەرتاپامان خروقاتە!
ورته‌ورت: سوێنیش نه‌خۆی باوه‌ڕ ئه‌كه‌م، له‌كاتی خروقاتی شه‌ڕه په‌ڕۆكه‌دا مناڵێك ووتی: باشه نازانن حیكمه‌تی ( بێده‌نگبه و قسه‌مه‌كه ) ی مامۆستا له‌چییایه؟
له‌وانه‌یه هاتنه دنیاشمان جۆرێك بێ له‌خروقات، ئه‌گینا بۆ هەموو دنیا فێری نیزام و ئینتیزام بوون، ئێمە نه‌بێ ؟ پاشان گوێم له‌خڕه‌خڕه،، خێربێ خوایە؟
بۆڵه‌بۆڵ: كچێ ئه‌وه خڕه‌ی سه‌یاره‌كه‌مه له‌م كۆڵانه‌دا ئه‌ڵێێ كوله‌یه هه‌ڵبه‌زودابە‌‌ز ئه‌كا، خۆشم له‌داخی خروقاتی(ده‌زگای ته‌قه‌مه‌نی) بووم به مزراح و جێ به‌خۆم ناگرم .
ورته‌ورت: ئه‌گهـ به‌خۆشی بێ، شوكور ده‌زگای ته‌قه‌مه‌نی تایبه‌ت دامه‌زراوه؟ یەعنی شوكور حكومه‌ت ( ته‌سنیع عه‌سكه‌ری) خۆماڵیان دامه‌زراندووە !! ئێباشه ئیتر بێكاری كه‌م ئه‌بێت و جاده‌كان ئاهێكی به هه‌ق هه‌ڵئه‌كێشن .
بۆڵه‌بۆڵ: له‌بێ خه‌به‌ران كه‌شكه‌ك سڵاوات، كچێ( ته‌سنیع عه‌سكه‌ری) چی؟ ئه‌وه نازناوی تازه‌ی ده‌زگای په‌روه‌رده‌یه‌و دوای تازه‌ترین خروقات ئه‌و نازناوه‌ی پێبه‌خشراوه، ئه‌ی له‌جیاتی پەروەردە مناڵی ئه‌و عاله‌مه‌یان گوله باران نەكرد؟ گوایە داوای مامۆستای حسابیان كردووه!!
ورته‌ورت: حساب نا،، بیركاری، ئه‌رێ به‌ڕاست به‌م ئاخروئۆخریی مه‌كته‌به مامۆستای چی ؟ بۆ تازه خوێندن ده‌ستی پێكردووه؟ پاشان كێ به‌لای حسابه‌كه‌ی جه‌نابتا ئه‌چێ هه‌تا حساب و كیتابی خروقاته چاوزه‌قه‌كان مابێت؟ به‌مه‌زه‌نه‌ی ئه‌قڵم ئه‌زمه‌ی مامۆستای بیركاری له‌ئه‌زمه‌ی كورسییه‌كانی په‌رله‌مان ئاڵۆزتره، ئه‌ویش پیویستی به هه‌ڵبژاردنێكی سه‌رتاسه‌ری هه‌یه!
بۆڵه‌بۆڵ: كچێ من په‌له‌ی خه‌ییاته‌كه‌مه، ئاخۆ جله كلكوگوێكراوه‌كانی كچه‌كه‌می ته‌واو كردووه ؟ خۆ لەبەر سه‌یران و عوتڵه‌ شار قوفڵی لێدراوە! لەداخا بیر له شتێ ئەكەمەوە خروقاتی پێوە بكەم.
ورته‌ورت: بۆ ئه‌زیزم بیرە نه‌وتت له‌به‌رده‌ستایه تا خروقاتی پێوه بكه‌ی ؟، دانیشه ئه‌وه‌ش پیاوی خۆی ئه‌وێ، خوا ئه‌كا پرۆژه‌ی خانوبه‌ره مۆدێرنه‌كان له‌كاتی خۆیا خانووه‌كان ته‌سلیمی ئه‌و خه‌ڵكه ئه‌كه‌ن، سه‌یاره‌كه‌ی تۆش له‌ تاسەكانی شارەوانی ڕزگاری ئه‌بێ! خوا له‌سوڵتان مه‌حمود گه‌وره‌تره، ئێ خۆ كڵاوی بۆ به‌ڕووش كردووه، تۆ بڵێێ ئه‌و عاله‌مه تا ئه‌به‌د هه‌ر له‌خه‌می خروقاتا بخولێنه‌وه ؟
هه‌تا مرورێ موخاله‌فه‌یه‌كی نه‌یاوه به‌ته‌نگه‌تا مۆبایله‌كه‌قه‌پاتكەو دوعایه بكه و پێی بڵێین ئامیین .
( یاڕه‌بی خوایه له‌كون فه‌یه‌كونێكا، كه‌لیمه‌ی خروقات له نامه‌ی ئه‌عمالی ئه‌و مەخلوقانه‌دا بسڕیته‌وه و له‌ده‌س خروقات ڕزگارمان بكه‌ی)!

چاپی بکه‌

  دابخه‌