|
نیگاركێش و
كاریكاتێریستی ناسراوی وڵاتی سووریا (عەلی فەرزات) لە ساڵی 1946 لەدایك بووە،
یەكێكە لە هونەرمەندە زۆر بەتواناكانی جیهانی كاریكاتێری عەرەبی، هاوپیشەو هاوهزری
هونەرمەندی فەلەستینی (ناجی العلی) یە و چەندین بەرهەمی كاریكاتێری سیاسی و
رۆشنبیری و فەلسەفی و كۆمەڵایەتیی بەربڵاوی لە رۆژنامەگەریی عەرەبی و جیهانیدا
بڵاوكردۆتەوە، خاوەنی یەكەمین بڵاوكراوەی كاریكاتێری و تەنزە بەناوی(الدومری) لە
سووریا، ئێستا ئەم هونەرمەندە قەڵەم پۆڵایینە هەمیشە وەك جاران تابلۆكانی لە
ڕەخنەگرتن بەردەوام و پڕماناترن.
عەلی فەرزات ئەو هونەرمەندە ڕۆح سووك و رەخنەگرە زۆر توندەیە لە پایتەختی وڵاتی
سووریاوە دەستی كرد بە كاری هونەری و هەر لەوێشەوە ناوبانگی هونەری خۆی و بەرهەمی
شاكاری خۆی بە جیهان ناساند، نیگارەكانی لە زۆربەی بڵاوكراوە عەرەبی و
بییانییەكاندا بڵاوكردۆتەوە و هەر لەو رووانگەیەوە چەندین خەڵاتی عەرەبی و جیهانی
پێ بەخشراوە، لەنێویاندا خەڵاتی(ئەمیر دۆكڵاوس) ی هۆڵەندی ، جگە لەمانەش خانەی چاپ
و بڵاوكردنەوەی (كۆن)ی ئەمریكی كتێبێكی ئەم هونەرمەندەیان بەناوی ( پێنووسە
پۆڵایینەكەی دیمەشق) چاپ و بڵاوكردەوە، دواتر حكومەتی سووریا بڵاوبوونەوەی
لەناوخۆدا قەدەغە كرد.
لە ساڵی 2000 دا یەكەمین بڵاوكراوەی ڕەخنەو تەنزئامێزی لە دەرەوەی دەزگا
فەرمییەكانی ڕاگەیاندنی سووری بەناوی(الدومری) چاپ و بڵاوكردەوە، ناونیشانی ئەم
بڵاوكراوەیەی فەرزات(الدومري) وشەیەكی سوورییە و بەواتای پیشەی ئەو پیاو دێتەوە كە
پێش هاتنی كارەبا لە كۆڵانەكانی دیمەشقدا فانۆسی دادەگیرساند، دیارە ئەم ناونیشانەش
لەگەڵ ناوەڕۆك و مەبەست و شێوەو روخساری بڵاوكراوەكەی فەرزاتدا یەكیاندەگرتەوە،
چونكە رووناكی لە پاش خۆیەوە هێنایە رۆژنامەگەری سووریا و كاریكاتێر و تەنزی
بەربڵاو كرد و چەمكە سوورەكانی شڵەقاند و رووتی كردەوە، بەتایبەتیش كە ئەم
كەڵەهونەرمەندە حەزی لە دەستەڵاتێك نەدكرد لەسەر بنەمای گەندەڵی و بێدەنگی
بەڕێوەبچێ، ئەو دەسەڵاتەی دواتر بووە هۆی پەلاماردانی بڵاوكراوەكە و بەپەلەپروسكێ
دەركردنی بڕیاری داخستنی!
فەرزات بە هەمان شێوەی هونەرمەندانی پێشووتری خۆی لە پەنجەرەی ڕۆژنامەگەریی خلیجەوە
دەیڕوانییە عەرەب و داهاتوویان، وەك ( ناجی العلی) ی فەلەستینی ( كە لە لەندەن
تیرۆركرا) دواتریش لەجێی (ناجی) فەرزات سەرۆكایەتیی یەكێتی كاریكاتێریستانی عەرەبی
گرتە ئەستۆ ، ئەم هونەرمەندە لە نیوەی یەكەمی هەشتاكانی سەدەی رابردوودا مشتومڕێكی
گەورەی لەنێو بازنەی گرینگیپێدانی نێودەوڵەتییدا نایەوە، بەتایبەت لە( پەیمانگەی
جیهانی عەرەبی) لە باریس ، بەهۆی ئەوەی حكومەتی بەعسی ئەوكاتی بەغدا بە یەكێك لە
تابلۆكانی ئەم هونەرمەندە پەست و توڕەبوو ، بگرە جەختێكی زۆری دەكردەسەر لابردنی لە
پێشانگاكەدا! دەنا...!! بەڵام پاش هێنان و بردنێكی زۆر و چەندین روونكردنەوەو
مانگرتن و بەشداریكردنی چەندەها هونەرمەندی فەڕەنسی لە ڕەتكردنەوەی داواكانی
حكومەتی بەغدا تابلۆ رەخنەییە رۆح سووكەكانی فەرزات بۆ ویژدانی هونەر و مرۆڤ هەر
مانەوەو مانەوە! و تا ئەمڕۆكەش و بە ئێجگاری خۆی و خاوەنە سوورییەكەی زیاتر خستە
ژێر تیشك، جگە لەمەش سەرنجی هەوادارانی هونەری كاریكاترێر لە پێشانگا و گەلەرەكانی
پاریسدا بەلای خۆیدا راكێشا. |